#دەربەندی_پەپوولە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲۲"
🎀 @Sherko_bekas
ڕشتەیەک پەند و بەردنووس و قسەی نەستەقی ئەمڕۆ کە
سەرچاوەیان لە شاخ و خوێن و دووکەڵ و ھەرەسەوە ھەڵقوڵیوە:
یەکەم:
کە ڕەشەبا ڕێی پێ گرتی
ببە بە شاخ.
کە شەماڵ ھات بە پیرتەوە
ببە بە باخ!
«ئەم قسەیەم لەڕۆژنامەی
دار بەڕوویەکدا خوێندەوە»
دووەم:
لە ئەشکەوتدا
بەیانییەک کزەبایەکیان زنجیر کرد
بۆ ئێوارە لە دەربەندا
کزە با بووبوو بە زریان!
«ئەم قسەیە لە تەوێڵی
کێوێکی ڕەش ھەڵکەنرابوو»
سێیەم:
ئەوە.. پەڕەسێلکەیە وا ئەفڕێ؟
یاخود قیژەی،
ڕەش و سپیی دایکم؟!
«ئەمەیش قسەی منداڵێکی ھەڵەبجەیە
بە نیو دەقیقە پێش ئەوەی
کەڕ و کوێر بێ»
چوارەم:
ئاخ خوایە ئاخ!
کەی سەرێکیش لە کوردستان ئەدەی؟
«ئەمەیش قسەی ھەموو ڕۆژێکی دایکمە»
پێنجەم:
کە عاشق شێت ئەبێ
بە شیعرەوە ئەیگرێ.
کە شیعریش شێت ئەبێ
بە خواوە ئەیگرێ،
من عاشقم و من شیعریشم!
«ئەمە قسەی ڕووبارێکی سەر ھەڵگرتووی ھەندەران بوو»
شەشەم:
- چۆن ئەنوێ و
ئەو ھەموو خەونانەی کوشتووە؟!
- ئەو ئەنوێ و قەت خەون نابێنی!
«ئەمەیش گفتوگۆی نەھێنیی
نێوان دوو مەلی شارێکی کوردستان بوو»
حەوتەم:
کورد و خوا لێک ئەچن
ھەردووکیان، بێشەریک، بێکەسن!
«ئەمەیش قسەی ھەڵکۆڵراوی
سەر دیواری مزگەوتێ بوو»
ھەشتەم:
کە میوانداریی بەفرت کرد
مەھێڵە گەرمای بێ
نەبادا ماڵەکەت ئاو بیبا!
«ئەم قسەیەم
لە ئاگرێکی پیرەمێرد بیست»
نۆیەم:
⅓ی ڕووبەری ھۆنراوەکانم
لە دارستانی سێدارە و
پەت پێکهاتوون.
«ئەمەیش قسەی شاعیرێ بوو
زۆر کەم ژیا»
دەیەم:
من بۆ خۆم پاچێکم دا لە شاخ
تووڕە بوو، زریکەی گەیشتە عەرشی خوا
کەچی «ئەو» بۆ «سەنگەر»
بە بەرزیی باڵای چەک ھەڵیکەند
گەش بۆوە و پێکەنین لە گیانیا ھەڵقوڵا.
«ئەمەیش قسەی
شایەتێکی ڕاستگۆی وەختی
شەڕی نێوان مەزدەکان و ئەھریمەن بوو»
یانزەھەم:
ئەوەرێم یان ئەڕوێم؟
لە نێوان وەرین و ڕواندا
وەرزێکی دیکەی نوێم.
نە ھەتاو نە سێبەر ھیچیان نیم
خاکێکم تا ئیستە
بۆ شێوە و ڕەنگ و ڕووم ئەگەڕێم!
«ئەم قسەیە لەسەر دیواری ئەشکەوتی
جاسەنە بوو ھەڵکەنرابوو»
دوانزەھەم:
من ھەرگیز ناھێڵم «قەناعەت»
سەر بکا بە ھەوری شیعرمدا
بۆ ئەوەی گەر ھەزار کەڕەتیش ببارێم
وا بزانم جارێکە باریوم!
«ئەم پەندە، قەڵەمێ پێی وتم
تا مردن بارانی خەیاڵی لێ نەبڕا»
سیانزەھەم:
نەیاران!
نازانن من گۆمم؟
نازانن ھەر بەردێ تێم ئەگرن
ئەوانیش لە بنما ئەبنەوە بە ژووری
پڕ گەرا بۆ شیعرم؟!
«ئەم قسەیەش تەنها وەرامێکە کە من
بیدەمەوە و پێشکەشی ئەو بەردانەی کەم»
چواردەھەم:
ئەی نامۆکان!
ئێمە لە تەختەی سەر ئاوی ئاموون ئەچین
نوقم نابین و نایشخنکێین!
بەڵام مشاری شەپۆل و ئەم بڕبەندی کەنارانە
ھێدی.. ھێدی وردمان ئەکەن
ئەماندەنە دەس تاریکیی «ئۆقیانووس» و
تیا ون ئەبین.
«ئەم قسانەش لەسەر کێلی گۆڕغەریبێ
ھەڵکەندرابوون».
1991/01
ستۆکهۆڵم
🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
>>Click here to continue<<