کۆبونەوەى ڕۆژى جەژن و جومعە پێکەوە
پرسیار : ئەگەر ڕۆژی جەژن کەوتە ڕۆژی جومعەوە ئایا ئەو کەسەى کە ئامادەى نوێژى جەژن دەبێ دروستە ئامادەى نوێژى جومعە نەبێت و نەچێت بۆ نوێژى جومعە؟
وەڵام : زانایان دوو بۆچونیان هەیە:
بۆچوونی یەكەم : جومعەى لەسەر ناكەوێ و دەبێت ئامادە بێت و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە لە : حەنەفیەكان و مالیكیەكان و شافعیەكان و وتەی زۆربەی زانایانە و وتەی پەسەندكراوی ابن المونزیر و ابن حەزم و ابن عبدالبرە.
چونکە خواى گەورە دەفەرموێ : (إِذَا نُودِيَ لِلصَّلَاةِ مِنْ يَوْمِ الجُمُعة فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّه) [الجُمُعة: ٩]
لەم ئایەتەدا خواى گەورە نوێژى جەژنی جیا نەکردۆتەوە و بە گشتى باسی جومعەى کردوە کە واجبە ئامادە ببیت .
وە لەسەردەمی ئیمامی عوسماندا ڕەزاى خوای لێ بێ ڕۆژى جەژن کەوتە جومعەوە لە وتارى جەژن بە خەڵکەکەی فەرموو : ئەی خەڵکینە ئەمڕۆ دوو جەژنتان بۆ کۆبوەتەوە هەرکەس پێی خۆشە چاوەڕێی نوێژى جومعەش بکات لە خەڵکی لادێ و شوێنە دوورەکان (أهلِ العوالي) ئەوا با چاوەڕێ بکات ، وە هەرکەسیش پێی خۆشە با بگەڕێتەوە ئەوا ئیزنم داوە بگەڕێتەوە . رواه البخاري (٥٥٧١)
کەواتە : ئەمە تایبەتە بە خەڵکی لادێ و شوێنە دوورەکان ، چونکە ئەوان لەدەرەوەى شاری مەدینەوە دەهاتن بۆ نوێژى جەژن و ڕێگاکەیان دوور بوو قورس بوو لەسەریان جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ نوێژى جومعە .
وەهەروەها نوێژى جومعە فەرزە بە دەقی قورئان و سوننەت و یەکدەنگی زانایان ، بەڵام نوێژى جەژن هەندێک لەزانایان دەفەرمون سوننەتی موئەکەدەیە ، هەندێکیان دەفەرمون فەرزی کیفایەیە ، بەشێکی کەمیان دەفەرمون فەرزە ، کەواتە نوێژى جومعە لە نوێژى جەژن گرنگترە و نوێژى جەژن جێگاى نوێژى جومعە ناگرێتەوە .
بۆچوونی دووەم: ڕوخسەت دراوە هەر کەسێک ئامادەى نوێژى جەژن ببێ دروستە ئامادەى نوێژى جومعە نەبێت، بەڵام واجبە لەسەر ئیمام جومعە بكات و ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەكان و وتەی كۆمەڵێكە لە سەلەف و وتەی پەسەندكراوی ابن تیمیە و ابن باز وابن عوسەیمینە.
پوختەى باسەکە :
باشتر و چاکتر وایە ئامادەى هەردوو نوێژەکە ببی ، ئەگەر وات کرد ئەوا هیچ کەسێک ڕەخنەت لێ ناگرێ کە کارێکی هەڵەت کردووە ، بەڵام کە تەنها ئامادەى نوێژى جەژن ببی و واز لە جومعە بێنێ ئەوا خۆت دەخەیتە ناو خیلاف و ڕاجیاوازی زانایان و خۆتیش لە قەلەقی و دوودڵیدا دەبیت کە ئایا کارەکەم دروستە یان نا ، بۆیە ئامادەى هەردوو نوێژەکە ببە چونکە بەڵگەى بۆچونى یەکەم بەهێزترە کە دەفەرموێ : جومعەى لەسەر ناکەوێ و دەبێ ئامادە ببێ . والله أعلم
--------------------
>>Click here to continue<<