سڵاو و ڕێز هاوڕێیان🌹🌹🌹
بە پێویستم زانی دیسان سپاسی هاوڕێیانی بنکەی ئەدەبی موکریان مەهاباد بکەم بۆ میوانداریان ئەم دوو ڕۆژە ئەرکێکی قورستان لەسەر شان بوو و زۆربەی کاتەکان بە پێوە و خەریکی میوانداری بوون..
فستیواڵ بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی کارەکە دەچن، تەنیا ڕواڵەتی بابەتەکەیە بەڵام ئەوانەی کە ئەرکی بەڕێوەبردنیان لە ئەستۆیە دەزانن کە چەندە کارێکی چەتوونە و دڵنیام ساڵێک زیاترە خەریکی وردەکاریەکانن و چونکە پێشتر خۆم ئەزموونم کردووە دەزانم چەندە ماندوو بوون، ئەویش خۆبەخشانە و لە کار و کات و ژیانی خۆیان گوزەراون.
لەهەموو فستیواڵێک دوایی گەلەیی و وردە گلەیی هەن کە ئەوەش ئاساییە بەڵام خودی نەفسی کارەکە کە بەڕێوەچوونی فستیواڵ بوو ئەرکێکی پیرۆزە و ڕووداوێکی جێگەی شانازییە. دوای چەند ساڵ لە وەستانی فستیۆالی چیرۆکی بانە بە ڕاستی ئەم فستیوالە پێویست بوو ئەویش لە مەهابادی دڵان. من دڵنیام مەهاباد وەک هێمایەکه بۆ هەموو کوردێک جا لە هەر کوێی گۆی زەویدا بژیت ئەم فستیواڵەش دیسان سەلماندی ئێمە لە هەر شارێک ڕا هاتبین و بە هەر زاراوەیەک بدوێین بیانوویەک لە دەوری یەکتر کۆمان دەکاتەوە ئەویش کورد بوونمانە و شانازیشی پێوە دەکەین.
دوێنی لە نێو شار لەگەڵ ڕەزا کە هاوڕێیەکی کۆنی خۆی دیت و قسەیان کرد لە نێو قسەکاندا من گوتم ئێرە زۆر دڵگیرە و تا دێمە ئێرە هەستێکی خۆشم هەیە پرسیاری کرد بۆ؟ گوتم هەر ئەوەی ئێرە شاری پێشەوایە بۆ وڵامی پرسیارەکەت تەواوە زۆری پێخۆش بوو. من وەک خۆم ڕێک وەک قارەمانی ڕۆمانەکەی گابۆڕ لە سێزدە چاردە ساڵیم کە لە مەهاباد ژیاوم(دەورەی ڕاهنمایم لە مەدرەسەی شەهید باهونەر، ئێستە بۆتە دادگای ئینقلاب خوێندوە لە مەحموود کان) و یەکەم جار تاریک و ڕوونی مامۆستا هێمن و ملوانکەی شین مامۆستا شەریفم لە کتێب فرۆشی سەر پیادەڕەوی پێش دەرگای خودکەفایی کڕین و لەو کاتەوە فێری کوردی خوێندنەوە بووم ئێستاشی لە گەڵ بێت هەر کات دێمەوە ئەم شارە هەستێکی خۆش و نۆستالۆژیم هەیە.
فستیواڵ جیا لە هەڵبژاردن و خەڵات و.. هەر ئەوەی هەموومان لە دەوری یەکتر کۆ دەکاتەوە ڕووداوێکی پیرۆزە و دڵنیام دەسکەوتیشی هەیە بۆمان، من چاوم دەگێڕا زۆر کەسم نەدیتن کە چیرۆک نووسیشن و وەک خۆم دوایی گلەیشیان لێدەکەم .ئەو دوو ڕۆژە چەند پانیل و کارگەی زانستی چیرۆک نووسین و ڕەخنە و تێوری و ئەزموونی نووسەرە دیارەکان..
من پێمخۆشە هەموومان بەم گۆشە نیگایەوە لەم فستیواڵانە بڕوانین و پاڵپشتی یەکتر بین، گرنگ ئەوە نیە لە کام شار بەڕێوە دەچێت و کێ براوەی خەڵات دەبێت گرنگ زیندوو ڕاگرتنی ئەدەبیاتی کوردیە کە وەک ئەمانەت بۆ ئێمە بەجێ ماوە و ئێمە چۆن بیدەینە نەوەی داهاتوو.
کاتی خۆی مامۆستا هێمن و هەواڵەکانی کە سروەیان دەردەکرد خوا دەزانێ بە چ چەرمەسەریی و خوێنی دڵ خواردنەوە کاریان کردووە من دڵنیام ئەم دوو ڕۆژە ڕووحیان لە پەراوێزی ئەم فستیۆاڵەدا خولاوەتەوە و بە ئارامییەک گەیشتوون کە کارەکەی ئەو دەمیان ئێستە خەریکە دەر ئەنجامی دەردەکەوێت بۆیە دەڵێم با ئێمەش بەم هەستەوە سەیری ئەم ڕووداوانە بکەین.
دیسان دەست خۆش و سپاس بۆ هەموو ماندووبوونەکانتان هەردەم بەردەوام و سەرکەوتوو بن.🙏🌹
فەرهاد ساڵحیفەر
🆔@binkemukrian
>>Click here to continue<<