فێستیواڵی سەراسەری چیرۆکی کوردی ڕۆژی چواشەممە دەستی پێکرد و لەو چوارچێوەیەدا بە خوێندنەوەی چیرۆک، بەڕێوەبردنی پەنێلی زانستی و وتاری مامۆستایانی خۆشەویست لە چوارپاژ دا درێژەی پێدرا.
هەر پاژەی فێستیواڵ پێشکەشی یەکێ لە کەساییەتی ڕۆماننووس، چیرۆکنووس و نووسەری کورد کرا، کە بە ڕای زۆربەی بەشداربووان ئەو ئیدەیە وەک کارێکی پەسەندکراو لێی ڕواندرا. کەسایەتیەکان ئەمانە بوون: فەتاح خان ئەمیری، بێهزاد سەیفی، مەنسوور یاقووتی و عەزیز نێعمەتی.
هەر وەها بۆ ڕێز لە کەسایەتییەکی پێشەنگی ڕەوتی ڕۆماننووسی لە مەهاباد و کوردستان کەسێکمان دیاری کرد و خەڵاتی ڕێزلێنان و تەندیسی فێستیواڵی پێشکەش کرا و ئەویش کامڕان حامیدی بوو کە تا ئێستا زیاتر لە 5 ڕۆمانی چاپکراوی هەیە.
لە کۆتایی ڕۆژی دووهەم پەیامی داوەران خوێندرایەوە و بە ڕێزلێنان لە بەشێک لە بەشداربووان گەیشتینە ئەو ئاستەی براوەکانی ئەو دەورەیەی فێستیواڵ ڕاگەیەنین.
براوەکانی ئەو دەورەیە بریتن:
1 – ئالان عەڕەب
2 – کیوومەرس بەلەدە
3 – ڕەزا فرووغی
4 – پەروین دانشپەژووە
5 – عەلیڕەزا خزری
6 – خالید گویلیان
7 – شادمان دەستوور
8 – شاهۆ قەناعەتی
9 – بێهزاد قادری
10 – سارا سوڵتانی
براوەی لاوی ئەو دەورەیە
ئەوین عەزیمی بوو.
ئەوەی شایانی باسە و دەبێ بە ئاگاداری دۆستان و لایەن و ڕاگەیەندراوەکان بگات باس لە ئامانج و چوارچێوە کارییەکانی ئەو فێستیواڵە لە لایەن دەبیرخانە و بەڕێوەبەرەکانییەوە بوو:
1 – ئامانجی یەکەم ئەوە بوو بتوانین وەک بزاڤێکی ئەدەبی پەخشاننووسی کوردی لە تەواوی کوردستان، ئەوانەی چیرۆک دەنووسن هان بدرێن چیرۆکێکی بڵاونەکراوە ئامادە بکەن و هەناردەی دەبیرخانەی فێستیواڵی بکەن. کە بە خۆشحاڵییەوە دوای کۆتایی هاتنی دەرفەتی دیاریکراو 198 چیرۆک لە 198 نووسەرەوە لە هەموو شوێنەکانی کوردستان، ئێران، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکی هەناردە کرابوو. ئەوە زۆر زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی دەبیرخانە بوو کە ئەو ڕێژەیە لە نووسەران بەشداری بکەن. چوون بە پێی ئەوەی ئێمە ڕێژەی واژەمان دیاری کردبوو کە هەر چیرۆکێک لە مابەینی 2000 تا 4000 وشە بێت، بە لێکدانەوەیەکی سەرئەنگووستی زیاتر لە 600 هەزار واژەی چیرۆکی ڕەوانەی دەبیرخانە کرابوو. ئەو ڕێژە لە پێشوازییە نیشانی دا لە هەنووکە دا ئەوە چیرۆکە لە حەوزەی فەرهەنگی ئێمە دا قسەی یەکەمی پێیە و زەینی شاعیریمان خەریکە دەگوازرێتەوە بۆ پەخشان و چیرۆکنووسی کە بۆ ئێمە پێویستییەکی هەنووکەییە.
2 – کۆ کردنەوەی چەند بەرەی نووسەر لە دوو ڕۆژی فێستیواڵ. ڕەنگە لاوترین کەسێک کە بۆ ئێمە چیرۆکی هەناردە کردوو و لە بژاردەی لاوەکان پلەی دووهەمی هێنابوویەوە خاتوونێکی تەمەن 15 ساڵان بوو، هەر وەها کەسایەتیگەلێک بانگهێشت کرابوون کە تەمەنی کار و چالاکی ئەدەبییان سەرووی 4 جار 15 ساڵ بوو. لەو لای ئەوەش لە هەموو تەیفی فکری و ژانرییەوە نووسەران دەعوەت کرابوون هەر لە نووسەرانی ڕۆمانی کلاسیک تا ڕۆمان و چیرۆکی نوێ هەتا دەگات بە نووسەرانی ڕۆمان و چیرۆکی پۆستمۆدێرن. کۆکردنەوەی نووسەران بەو هەموو جیاوازی تەمەنی و سەبکی و ژانرییەوە هەل و دەفەتێکی پێک هێنا تا لە پەڕاوێزی بەرنامەکانی فێستیواڵ ئەوانە یەکتری بناسن و بەیەکەوە دیالۆگ و گفتوگۆ بکەن.
3 – کۆ کردنەوەی نووسەرانی سەر بە هەموو زارەکانی کوردی. بۆ دووهەم جار بنکەی فەرهەنگی هونەری موکریانی مەهاباد توانی نووسەرانی هەموو زار و بنزارەکانی کوردی لە مەهاباد بەشداری پێ بدات و ڕەنگاڵەیەکی تایبەت بە هەموو زارەکان بەشدار بوون. چاوت لە گۆشەیەکی ساڵۆن دەکرد بۆن و بەرامەی هەورامانی دڵان دەهات، گۆشەیەکی دیکە کۆمەڵیک نووسەری کرماشان و ئیلام مەیدانداریان دەکرد، نووسەرانی کورمانج کە هەمیشە لە بۆنەکان کەم دەدیتران شان بە شانی زارەکانی دیکە دەق و چیرۆکیان دەخوێندەوە، بگرە چەند کەس لە خۆراسانەوە زەحمەتی هاتنیان بە خۆیان دابوو. ئەردەڵانییەکان بە ناردنی دەیان چیرۆک و بە بەشداری دەیان ئۆستاد و نووسەر، پردێکی هەمیشەییان لە نێوان ئەو دوو مەڵبەندە لێدا کە بۆ چەندین ساڵان لە بیرگەکان دا دەمێنێتەوە. کاتێک ئەو زار و بنزارانە ئاوا لە دەوری یەک کۆ دەکرێنەوە تێگەیشتنێکی بەرین لە ڕەوتی کار و چالاکی لە هەر ناوچە و پارێزگایەک درووست دەکات و ئاوا هاوبەشی و هاودڵی پێک دێت کە خۆی یەکێ لە ئامانجە دیاریکراوەکانی ئەو فێستیواڵە بوو.
4 – بەشداری کردن بە تازەلاوان. یەکێ لەو ئیدانەی هەمانبوو و توانیمان ئیدەکە بگەیەنینە ئاستی دیاریکراو، کردنەوەی فەزا بوو بۆ بەشداری گەرم و گوڕی تازەلاوان. کاتێک ڕێژەیەکی بەرچاو و لە ئاستێکی باڵا لە چیرۆکی تازەلاوان گەیشتە دەبیرخانە، ئێمە بۆمان ڕوون بوویەوە کە ئەو نەوەیە خەرێکە ڕێگەی سەد ساڵە یەکشەوە دەبڕێت؛ بۆیە کەوتینە بیری ئەوەی ئیزن بدەین لە لابەلای دوو ڕۆژی فێستیواڵ بەشداربووان، ڕەنگدانەوەی کاری ئەوان ببینن.
>>Click here to continue<<