بە یادی بەژنوباڵات تاکوو کەی دڵخوازی باڵا بم
بەبێ تاوان وەکوو یووسف لە زیندانی زولەیخا بم
هەمیشە من لە تۆ نێزێکترم ڕووت هەر لە بەرچاوە
لە تاریکی شەوی تەنیایییا من بێچرا نابم
دڵی سەرکەش دەزانم چی دەوێ ئەنجام نەزانینە
لەبۆ قەندی مەمت گەر من وەکوو منداڵی ساوا بم
چەشەم گەر خاڵی گۆنات بێ لەلام خۆشە هەتا مردن
لە بەند و کۆت و زنجیر و کەمەندی زۆڵفی تۆدا بم
ئەمەندەم دەردی دووری چەشتووە مەرج و بەڵێن وا بێ
ئەگەر بمرم ئەگینا تاکوو ماوم لێت جودا نابم
خومارە، شەڕفرۆشە، فیتنەبازە، مەست و ئاڵۆزە
شەو و ڕۆژ قەت لە سیحری چاوەکانت دڵنیا نابم
گوتم ماچی دەمت نرخی چییە گیانت دەوێ فەرموو
گوتی پێم ناکرێ <عەونی> کە هەر سەرگەرمی سەودا بم
#عەونی
کاناڵی ژیان جوانە،گەر چاوەکان جوانی ببینن
@Mostafazadeh2
>>Click here to continue<<